هیچ کەسێک نابینم باسی سەربازە ونەکەی پشت سەرکەوتنەکانی هەولێر بکات
ڕەنگە پێتان سەیر بێت، سەرهەنگ موحسین یاری نەكرد، بەڵام لەپشت ئەو یەكڕیزییەی ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی هەولێرە، سەرهەنگ نهێنی پشت ئاستەبەرزەكەی كومەیل سەعدی گۆڵپارێزیشە.
ئەسعەد ئیسماعیل
6/1/20261 خولەک خوێندن


ـ هەولێر یارییەكی تاكتیكی نایابی لە دژی شورتە كرد، هێڵە تۆقێنەرەكەی پێشەوەی شورتەی پەكخست، هەروەها ئەمشەو هێزە بزوێنەرەكەی ناوەراستی شورتەشی لێـكتـرازاند کە خاڵی بەهێزی یانەکە بوو.
ـ هەولێر رێگەی نەدا دۆمێنیگ مێندی، عەبدولمەجید و بەسام شاكر بە ئاسانی لە قۆڵایی یاریگەوە كۆمەكی هێرشبەران: مەحموود مەواس، مەحموود داود و حوسێن عەلی و شەریف عەبدولكازم بكەن.
ـ هەولێر رێگەی نەدا شورتە بە كۆمەڵ یارییەكی رێكخراو بكەن، بۆیە موئمین سەلمانی راهێنەری شورتە ویستی یاریزانەكانی بە هەوڵی تاكەكەسی زەبری خۆیان لە هەولێر بدەن، بەڵام نەیانتوانی.
ـ یانەی هەولێر وەكو هەمیشە یارییەكی هێمنانەی كرد، بەدوای دەرفەتێكدا دەگەڕان بۆ ئەوەی بەخێرایی هەڵبكوتنە سەر گۆڵی تیپی بەرامبەر، هەر بەم شێوەیەش گۆڵەكەیان كرد.
ـ هەولێر بەو یارییە تاكتیكیە، وایكرد ئەم یارییە ببێتە خراپترین یاریی شورتە لە ماوەی ئەم دوو وەرزە.
ـ روحیەتی هومام تاریق و هێز و وزەی ئەم یاریزانە دەكرێت ببێتە نموونەیەك بۆ ئەوەی یاریزانەكانی دیكە لێیەوە فێربن.
ـ رەنگە پێتان سەیر بێت، سەرهەنگ موحسین یاری نەكرد، بەڵام لەپشت ئەو یەكڕیزییەی ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی هەولێرە، سەرهەنگ نهێنی پشت ئاستەبەرزەكەی كومەیل سەعدی گۆڵپارێزیشە.
ـ هەمووان باسی باسم قاسم دەكەن، بەڵام كەس نابینم باسی رۆڵی نەسیر عەبدولئەمیری راهێنەری توانای جەستەیی هەولێر بكات كە جەستەیەكی بەهێزی بۆ تیپەكە دروست كردووە و بە درێژایی 90 خولەك هەست ناكەیت یاریزانەكان هیلاك و شەكەت بووبن.