باڵیۆزە بێدەنگەکانی گەل
باڵیۆزە بێدەنگەکانی گەل؛ شکۆمەندی بۆ ئەفسانەکانی وەرزشی کوردستان
6/1/20261 خولەک خوێندن


نووسین: ئیحسان تاهیر | شڕۆڤەکار و ڕۆژنامەنووسی وەرزشی.
ڕێککەوتی: ٢٨\٣\٢٠٢٦
ئەگەر وەرزش و تۆپی پێی کوردستان لە هەر قۆناغێکی مێژووییدا بەهۆی بارودۆخە سیاسییەکانەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووبێتەوە، ئەوا هەمیشە کۆمەڵێک وەرزشوان و یاریزانی کورد، سەرەڕای هەموو زەحمەتییەکان، بوونەتە سیمبول و قەڵغانی پاراستنی ناسنامەی وەرزشیی کوردستان؛ هەر بۆیە ئەم کەڵەپیاوانە شایەنی ئەوەن بە شکۆوە بە "ئەفسانەی وەرزشی کوردستان" ناو ببرێن.
ئێمە خاوەنی چەندین یاریزانی دێرین و مەزنی شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووکین (لێرەدا ناویان ناهێنم بۆ ئەوەی مافی هیچ کامێکیان ون نەبێت)، کە لە سەختترین بارودۆخەکاندا و لە ڕێگەی لاکێشەی سەوزی یاریگاکانەوە، ناوی کوردستانیان بە بەرزی ڕاگرتووە. تەنانەت لەو کاتانەشدا کە لەژێر ناوی هەڵبژاردەی نیشتمانیی عێراقدا یارییان دەکرد، هەمیشە وەک نوێنەرێکی ڕاستەقینەی گەلەکەیان دەبینران و جێگەی شانازی بوون.
ئەوان، هەمیشە باڵیۆزی بێدەنگی گەلەکەیان بوون. ئەو ماندووبوون و ئارەقەیەی لە پێناو ناو و ناوبانگی وەرزشیی نیشتمانەکەیان ڕشتیان، شایەنی بەرزترین ڕێزلێنانە، چونکە ئەوان تەنها یاریزان نەبوون، بەڵکو پارێزەری شکۆی وەرزشی و نەتەوەیی بوون. بێگومان، ڕێزگرتن لەوان، ڕێزگرتنە لە مێژوویەکی پڕ لە خەبات و سەرکەوتنی مرۆڤی کورد لە مەیدانی وەرزشدا.
وێنەکە سەرهەنگ موحسینی کاپتن و گۆڵپارێزی نێودەوڵەتییە، کە ئەویش یەکێکە لەو ئەفسانانە و هێشتاش بەردەوامە..