لەبری پێشەکی

«لەنێوان بێدەنگیی یاریگە و هاواری وشەکاندا، من لێرەم. هەموو تەمەنم فێربووم چۆن ڕێگری لە گەیشتنی تۆپەکان بە ئامانج بگرم، بەڵام شیعر ئەو یاریگایەیە کە تێیدا بێبەرگریم؛ شوێنێکە کە هەستەکان بە هیچ دەستکێشێک ناگیرێنەوە و ڕاستەوخۆ دەگەنە ناو تۆڕی دڵ.

ئەم بەشەی ماڵپەڕەکەم، گۆشەیەکی تایبەتە بۆ ئەو خەم و خەونانەی کە لە دەرەوەی هێڵەکانی یاری نووسراون. لێرەدا من چیتر پارێزەر نیم، بەڵکو گێڕەرەوەی ئەو چیرۆکانەم کە ژیان بەسەری هێناوم؛ لە لوتکەی سەرکەوتنەکانەوە تا قووڵایی ئەو شکستانەی کە تەنها شیعر دەتوانێت سارێژیان بکات.


ئەوانەی لێرەدا دەیانخوێنیتەوە، ئەو وشانەن کە لە ساتی بێدەنگی و ڕامانەکانمدا نووسیومن؛ هیوادارم بتوانن ڕێگەی خۆیان بەرەو بازنەی شیعر بدۆزنەوە و لەوێدا، لە گۆشەیەکی دڵی تۆدا بنیشنەوە.»

سەرهەنگ موحسین

پرسیار


دڵت بردووم،

سه‌یره‌ بۆچی

كه‌سانی تر

په‌لكێشم ناكه‌ن!

بۆ ونبوونی

نیگای تر

وه‌ك بزر بوونت

دڵ به‌ئێشم ناكه‌ن،


چ ئه‌فسونێكه‌‌

هێنده‌ به‌تین

بردووته‌ هۆش و

هه‌ستم؟

له‌ جیهانمدا

دەرتبێنن

ژیان هیچ مانایه‌ك

نادا به‌ده‌ستم.

_____________

دۆڵی بریاكان

خۆشبەختی ئەوكاتە بوو

كە لەدڵمی

ھەم لەماڵمبای،

بۆ جێھێشتنی

ئەو جەنگەڵستانە خەونكوژە

باڵمبای،


كە هی من نیت

دڵم ڕێك بریتیە

لەچاڵێكی قوڵ قوڵ،

لەدەستت دەھات

تیمارم بیت

نەك بینەری چاڵمبای،


بەھەشتی من

لێرەوە ڕا دەستی پێ دەكرد

ئەگەر من چۆنم بۆت

ئاوایی تۆیش

عەوداڵمبای،


وەلێ بەو ھۆیەی

كە لێم ڕوون نیە

ژیانمت پڕ كردووە لە بریا

بریا نەمناسیبای

یان كەماڵمبای.

_____________

مانەوە

مردنە بەدڵ لەوێ و
بەجەستە لێرەبم
هێزێک من تووشی
ئەو چارەنووسە
ڕەشە دەکا،

نازانم هەوڵی بەرەنگاری
ئەستەمەکانم کوانێ
بۆ لە خەیاڵمدا ئەو هەموو
نمایشە دەکا،

له‌م ئه‌وینه‌ مەحاڵەی
نێو دڵم زۆر ده‌ترسم
خه‌ریكه‌ له‌وەی پێکمهێناوە
هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كا،

تەنیا نەمامێک بوو ڕووا
زۆر له‌مێژه‌ ئاوی ناده‌م
كه‌چی تا دێ گه‌وره‌ ده‌بێ و
گه‌شه‌ ده‌كا!

نەجەف ٢٠٢٤
_____________

کەوی بوون


دەستی بە قووڵایی ناخم گەیشت و

دڵمی پێ كەوی بوو،

تەلاری غروری و خۆگریشم

ئێوە خۆش

ڕێک تەختی زەوی بوو،

عەیامێک بوو

شەڕی خۆپارێزیم دەکرد،

کەچی «ئاڵای كەس نامخا»

بەدەستی ئەو نەوی بوو!

_____________

عاقیبەت

ئەگەرچی ڕوونە،
عاقیبەت ڕەنجەڕۆ دەبم،
وەلێ بڕیاری دڵە؛
هەر بە قوربانی تۆ دەبم.

بە چیم وێنا دەکەن، با بیکەن!
وەک نەبام دیبێ، نە باران،
سبەیش پڕ بە پێستی
وەسفەكەی ئەمڕۆ دەبم.

دەریشم بکەی،
ئێستا نییە
چنگی بڕیاردەرم لێت گیر بووە؛
چۆن ملکەچی "بڕۆ" دەبم؟!

لە دەرەوەی ویستیشت
ڕاگیرم بکەی،
بەو مانایە نایێ هەموو ڕۆژێ
بە دەستت تڕۆ دەبم!

حەفتا و دوو پۆزش
بە دوای ڕەتکردنەوەتدا دێنم،
بۆ تکەی وشە جەرگبڕەکانت؛
دەست بە پەڕۆ دەبم.

پێیان وایە
جۆری مردنم هەڵبژاردووە،
وایش بێت؛ بەرەو ئەو مەرگچوونە
سەرەڕۆ دەبم!

٩\٢\٢٠٢٣، بغداد

دوو گرێ


ناتوانم لە دوو شت

حاڵی ببم

بەهۆی چییەوە

خۆشمدەوێی

بەهۆی چییەوە دژی!


لەکاتێکدا لێت ڕوونە

ڕێک بەهەناسەی

ئەو بایە دەژیم

کە لەلای تۆ دێت

کەچی دەمکوژی،


ڕۆژێک ئاوێتەم دەبیت و

ساڵێک بە پەراوێزخستنم

خوێن و خیزاوم

پێ دەڕژی،


بۆ بەو دەردەم دەبەی

کە دەزانی بەڕادەیەک

تۆم خۆشدەوێ

دەمرم تا تۆ بژی

١٠\١١\٢٠٢٤
_____________

نرخ

ئەشقە،

بۆیە ڕێی

بەرەو تۆ هاتنم

لار نابێ

به هيچ کەس و نرخ و

پێگه‌يه‌كيش،


هی من بیت

دونیا لەگیرفانمە

نەمێنی

نابمه خاوه‌نى

شوێن پێی

ميرووله‌يه‌كيش!

٢٠١٣\١\٨
_____________

فڕین


له‌وه گه‌ڕێن

دره‌ختی ئەوین
به‌ دووريشى
به‌ر ده‌گرێت،


به‌س ئه‌مجاره
بيبينمه‌وه

نيشانتان ده‌ده‌م
ئينسان بێ باڵيش

ده‌فڕێت!

سلێمانی

٢٠٢٥\١٠\٢١
_____________

چۆنی بەبێ من؟


چۆنی بەبێ من؟

من بەبێ تۆ

سەر و دڵێکی وێرانم هەیە،


زادەی بێ هەواڵیتە

بەدزییەوە دوو چاوى

بەلێزمەبارانم هەیە،


شەڕە لەگەڵ مەحاڵ

گەر بمەوێ وەک تۆ بێ باک بم

ئاخر ئێستایش

هەمان ئەشقی

بێهودەی جارانم هەیە


کەس منی لەتۆ نەکرد

ئەوڕۆش لەناو دڵمدا

ئەشقی تۆ و

تەنیا ئەوینی

شاری شارانم هەیە

٧\١٠\٢٠٢٥
_____________

شەڕە لەگەڵ مەحاڵ

بەسە ئەی دڵ

ئەو بارە منکوژە داگرە،

بەهۆتەوە سەری ئاڵۆزم

یەک پارچە با و ئاگرە،

شەڕە لەگەڵ مەحاڵ

جەنگی بێ ئەنجامت ڕاگرە،

ئاخر ئەوەی لەتۆدایە

بەخەیاڵی کەسێکی ترە.

سلێمانی

قیبلەنوما


فوو لە پشکۆی

ئاسته‌نگه‌كانمان مەكە،

خه‌ریكه‌ مۆم ئاسا

به‌ خه‌مت ده‌سوتێم

فووت له‌من بێ،

با نه‌فه‌وتێم،

وه‌ك ده‌رزی قیبله‌نوما

كه‌ هه‌میشه‌

ڕووی له‌ ماڵی خوایه‌

ڕووت له‌من بێ.

٢٠١١/٠٥/٢٥
_____________

بڕیار


كه‌ له‌ كه‌ناریت

سه‌وڵ دەشكێنم

هه‌ر له‌ چه‌قی زه‌ریا

ده‌مێنمه‌وه‌،

ئەو مردنەم

پێ ڕەواترە لەوەی

تە‌مه‌نێك به‌دیار

هه‌ر ڕۆژ ڕەنگیت بتوێنمه‌وه‌!

به‌یروت ٢٠١١
_____________

بریا


بێ ئومێدم

وەک گەڵایەکی

دابڕاو لە درەخت،

هێڵات بکەومە

ژێر هەرەسی

دۆخێکی سەخت،


بەداخم، نەبووی بەو

فریادڕەسەی

دەمویست،

هەزاران بریا

تۆم لەخۆم

خۆشتر نەدەویست.

نیوکاسڵ
_____________

له‌ نێوان تۆو مردندا

له‌ نێوان بینینی

تۆ و مردندا،

مردنی یه‌كجاره‌كی

هه‌ڵده‌بژێرم و

بۆ بینینت نایه‌م،

ئاخر هه‌ر جارێك

تۆ ده‌بینم، ده‌مرم و

ئازاره‌كه‌ی ده‌چێژم

كه‌چی هێشتا

سه‌ر به‌م دونیایه‌م!

مالیزیا

٢٠١٢/١٠/١٩
_____________

درێژەی نووسینەکان لەم ئەکاونتە پۆست کراوە

کلیک لەسەر لۆگۆکە بکە