هەواڵ

نوێترین هەواڵ و چالاکییەکانی کاپتن سەرهەنگ موحسین و یانەی هەولێر. ئاگاداری گۆڕانکارییەکان و ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان بن لەم بەشەدا.

گەڕامەوە مارێ

دوای شەش ساڵ دوورکەوتنەوە، سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێز و کاپتنی دێرین، جارێکی دیکە پەیوەندی بە ڕیزەکانی یانەی وەرزشی هەولێرەوە کردەوە. ئەم گەڕانەوەیە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکی ڕکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ وەرزی ٢٠٢٥-٢٠٢٦. گەڕانەوەی موحسین بۆ قەڵای زەرد، پێشوازییەکی بەرفراوانی لەلایەن هاندەران و ناوەندی وەرزشییەوە لێکرا و وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی ڕیزەکانی یانەکە هەژمار دەکرێت.

لەڕووی خۆبەدەستەوەنەدان و كۆڵنەدان و سەقافەتی وەرزشی، تۆ كریستیانۆی كوردانی

نووسەر: ئەسعەد ئیسماعیل.
بەراستی لەڕووی خۆبەدەستەوەنەدان و كۆڵنەدان و سەقافەتی وەرزشی، تۆ كریستیانۆی كوردانی، لەمڕوویەوە تا ئەم كاتە لە تۆ زیاترمان نییە. بیرمە 15 ساڵ پێش ئێستا گوتیان سەرهەنگ موحسین تەواو بووە و كۆتایی هاتووە، بەڵام تۆ خۆت رادەستی ئەم بیركردنەوە ساختە و دروستكراوە نەكرد و بینیمان لەم ماوەیەی كە گوتیان تۆ تەواو بوویت چۆن وەڵامت دانەوە. لەبەرزترین خولی ئەم وڵاتە دانەبڕاوی و دەرفەتی ئەوەشت هەبووە لە باشترین یانە جەماوەرییەكانی بەغداش یاریی بكەیت.. كەواتە ئێمەش كریستیانۆی گۆڵپارێزانمان هەیە، حەقی خۆیەتی ئەو ژیانە سەختەی تۆی پێدا تێپەڕیوە و لەو ژینگە خراپەی كە تۆی تێدا دەركەوت و گەیشتییە لوتكە بكرێتە چیرۆك و سیمینار و وانە.

هیچ کەسێک نابینم باسی سەربازە ونەکەی پشت سەرکەوتنەکانی هەولێر بکات

نووسەر: ئەسعەد ئیسماعیل

ـ هەولێر یارییەكی تاكتیكی نایابی لە دژی شورتە كرد، هێڵە تۆقێنەرەكەی پێشەوەی شورتەی پەكخست، هەروەها ئەمشەو هێزە بزوێنەرەكەی ناوەراستی شورتەشی لێـكتـرازاند کە خاڵی بەهێزی یانەکە بوو.

ـ هەولێر رێگەی نەدا دۆمێنیگ مێندی، عەبدولمەجید و بەسام شاكر بە ئاسانی لە قۆڵایی یاریگەوە كۆمەكی هێرشبەران: مەحموود مەواس، مەحموود داود و حوسێن عەلی و شەریف عەبدولكازم بكەن.

ـ هەولێر رێگەی نەدا شورتە بە كۆمەڵ یارییەكی رێكخراو بكەن، بۆیە موئمین سەلمانی راهێنەری شورتە ویستی یاریزانەكانی بە هەوڵی تاكەكەسی زەبری خۆیان لە هەولێر بدەن، بەڵام نەیانتوانی.

ـ یانەی هەولێر وەكو هەمیشە یارییەكی هێمنانەی كرد، بەدوای دەرفەتێكدا دەگەڕان بۆ ئەوەی بەخێرایی هەڵبكوتنە سەر گۆڵی تیپی بەرامبەر، هەر بەم شێوەیەش گۆڵەكەیان كرد.

ـ هەولێر بەو یارییە تاكتیكیە، وایكرد ئەم یارییە ببێتە خراپترین یاریی شورتە لە ماوەی ئەم دوو وەرزە.

ـ روحیەتی هومام تاریق و هێز و وزەی ئەم یاریزانە دەكرێت ببێتە نموونەیەك بۆ ئەوەی یاریزانەكانی دیكە لێیەوە فێربن.

ـ رەنگە پێتان سەیر بێت، سەرهەنگ موحسین یاری نەكرد، بەڵام لەپشت ئەو یەكڕیزییەی ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی هەولێرە، سەرهەنگ نهێنی پشت ئاستەبەرزەكەی كومەیل سەعدی گۆڵپارێزیشە.

ـ هەمووان باسی باسم قاسم دەكەن، بەڵام كەس نابینم باسی رۆڵی نەسیر عەبدولئەمیری راهێنەری توانای جەستەیی هەولێر بكات كە جەستەیەكی بەهێزی بۆ تیپەكە دروست كردووە و بە درێژایی 90 خولەك هەست ناكەیت یاریزانەكان هیلاك و شەكەت بووبن.