گۆلچی یانه‌ی هه‌ولێر ( سه‌ردار عادل ):
هێنانی ( ئه‌حمه‌د عه‌لی ) زۆر بێمانایه‌ ، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ بودجه‌یان كراوه‌یه‌
" له‌دیاری كردنی باشترین گۆلچیه‌كانی خولی كوردستان ، نادادییه‌ك هه‌یه‌ "

مامەیارە ئەحمەد - بەشی یەكەم

كە په‌یوەندییمان پێوە كرد و خۆمان ناساند، ئەو یەكسەر گوتی: "گلەیییم هەیە" پێمان گوت، په‌له‌ مه‌كه‌، ئێمەیش بۆیە په‌یوه‌ندییمان پێوه‌ كردووی، كە ئەو گلەییەت نەهێڵین، گلەییەكەی ئەو لەبەر ئەوە بوو كە ئێمە بە دەگمەن ناوی ئەومان لە ڕۆژنامەكەماندا خستووەتە ڕوو (مافی خۆیشی بوو)، دواتریش وا ڕێك كەوت، كە ئەو و یاریزان (دڵدار ئیبراهیم) پێكه‌وه‌ بێنە بارەگەی ڕۆژنامەی (هەولێر).

ئەو كەسە، گۆڵچیی یانەی هەولێر (سەردار عادل حوسێن)ـە، كە یەكێكە لە باشترین گۆڵچییە لاوەكانی كوردستان و ئێستایش لای زۆربەی وەرزشكارانی كوردستان ناووبانگی هەیە، ئەو بە ڕەگەز خەڵكی دەڤەری (بارزان)ـە، بەڵام لە ساڵی 1975ـدا، بنەماڵەكەیان، ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بووە و ئەویش لە 1987 و لە كەرەج، هاتووەتە بوون، لەم ساڵانەی دوایییشدا گەڕانەوە زێدی خۆیان و ئێستا لە هاوینەهەواری سەڵاحەددین، نیشتەجێیە.

(سەردار عادل) لە ساڵی 2001ـەوە چووەتە لاوانی یانەی ئارارات، هەر لەو ساڵەدا و لەبەر ئاست بەرزی، چوونەتە ڕیزی یەكەمی یانەكە و تا ئێستایش لە خزمەتی یانەكەی بەردەوامە و لە خولی كوردستاندا یاریی بۆ دەكات و لە خولی نایابی عێراقیش، یارمەتی یانەی هەولێر دەدات، لەگەڵ ئەو یانەیەیشدا گەشتی دەرەوەی كردووە.

لە سەردارمان پرسی، یانەی ئارارات چەند وەفایان بۆت هەبووە و ڕێگەت پێ دەدەن كە بچیتە یانەیەكی دیكە ؟
ئەو گوتی: "وەفایان هەبووە، چونكە هەر لە منداڵییەوە لە یانەی ئارارات بوومە، كە گوتم دەچمە یانەی هەولێر، (سەرۆكی شانازیی یانەكە) كاك ئیمداد بارزانی پێی گوتم (ئازادی لە خولی عێراق، بەڵام لە خولی كوردستان دەبێت یاری بۆ ئارارات بكەیت) منیش بەوە ڕازی بووم، بەڵام نازانم تا چەند ڕێگەم پێ دەدەن كە ئەمساڵ لە خولی كوردستان بە جێیان بهێڵم، من هەموو پرسوڕاكانم لەگەڵ كاك ئیمدادە، ئەویش لە دەرەوەیە، كە هاتەوە قسەی لەگەڵدا دەكەم".

لێمان پرسییه‌وە، باسی چۆنیەتی چوونت بۆ یانەی هەولێر بكەیت ؟ ئەویش گوتی: "وەرزی ڕابردوو، ڕاهێنەری گۆڵچی (كاوە ئیبراهیم ) په‌یوه‌ندی پێوه‌ كردم و داوای كرد كە بچمە ئەو یانەیە، منیش گوتم بەو مەرجە دێم، كە نەڵێن سەردار هاتووەتە یانەی هەولێر، چونكە من ئەگەر هیچ نەبم، لە یانەی ئارارات ناوێكم هەیە، بۆیە تەنیا بۆ یارمەتیدانی گۆڵچییەكانی یانەكە دێم، كە ئەگەر سەرهەنگ یان دیدار، كێشەیەكیان هاتە پێش توشی پێكان بوون، ئەوا من یارمەتیتان دەدەم، ئیتر وای لێ هات كە دڵوجەرگمان لەگەڵ یانەی هەولێر بێت و ئێستا خۆم بە یاریزانێكی ئەو یانەیە دەزانم".

سەردار عادل، لە بارەی یەكەم یارییشی كە بۆ یانەی هەولێر سازی دابوو، گوتی: " لە یاریی نێوان و ئێمە و كەركووك بوو، یارییەكی هەستیار بوو، ترسیشم هەبوو، چونكە بۆ ماوەی 7 - 8 مانگ بوو تەنیا مەشقم دەكرد، زۆربەی كاتەكانیش گۆڵچیی دووەم بووم، چونكە ماوەیەك سەرهەنگ دووچاری پێكان بوو، ماوەیەكیش دیدار تووشی كێشە بوو، هەرچەندە سەرهەنگ پپێش یارییەكەیش پێی گوتم كە كێشەیەكی هەیە، بەڵام بۆ من، لەو یارییەدا شتێكی چاوەڕواننەكراو بوو، كە ئەو بەو شێوەیە تووشی پێكان بێت و من یاری بكەم، بەڵام بەوە خۆشحاڵ بووم كە گۆڵم لێ تۆمار نەكرا، خۆشتریش دەبوو كە ئەگەر یارییەكەمان بردبایەوە، بەڵام دۆڕاندمان، دوای یارییەكەیش دەستەی كارگێڕی و ڕاهێنەر و ستافی یانەكە، دەستخۆشییان لێ كردم".

پێمان گوت، تۆ نزیكترین كه‌سیت لە سەرهەنگ و دیدار، ئەوان هیچ شتێكیان لە نێواندا هەیە ؟، ئەو گوتی: " ئەوە ساڵێكە من لەو یانەیەم، هیچ كێشەیەكم لە نێوانیاندا هەست پێ نەكردووە، سەیرم پێ دێت كە دەزگەكانی ڕاگەیاندن ئەو هەواڵانە بڵاو دەكەنەوە كە كێشە لە نێوان سەرهەنگ و دیداردا هەبێت، ئەوەیشی كە باس دەكرێت، وا نییە و نێوانیان زۆر خۆشە، ئێستایش كە یانەی هەولێر گۆڵچی عەرەبی هێناوە، خۆی كێشە بۆ خۆی دروست دەكات، چونكە ئەوە چەندین ساڵە، باشترین گۆڵچییەكانی عێراق لە كوردستانن و ئێستایش هیچ پێویستی بە گۆڵچی نەبوو، بۆیە هێنانی ئەحمەد عەلی، شتێكی زۆر بێ مانا بوو، ئەوە تەنیا لەبەر ئەوەیە كە یانەی هەولێر بوودجەی كراوەیە، دەنا گۆڵچییان نەدەهێنا، چونكە كەموكوڕییمان نەبوو، ئەدی ئەوە نەبوو (سەرهەنگ) وەكوو شێر لە نێو گۆڵدا دەوەستا، ئێستایش بڕوام نییە كە (ئەحمەد عەلی) بتوانێت بەو تەمەنەوە هیچ بۆ یانەی هەولێر بكات، هەرچەندەیش ئێمە (هەر سێ گۆڵچییەكە) پێمان خۆش نەبوو، ڕایشمان زۆر لە یەك نزیك بوو، بەڵام نازانم بۆچی بیروبۆچوونمان ئاوها لێك دوور بووەوە، كەسیشمان تۆمەتبار ناكەم".

لە (سەردار)ـمان پرسی، تۆ كە ئەو ئاستە بەرزەت هەیە و چەندین ساڵە لە خولی نایابی كوردستاندا یاری دەكەیت، ئەدی بۆ چی تا ئێستا هیچ وەرزێك بە باشترین گۆڵچی دانەندراویت ؟ ئەو گوتی: "من چی بڵێم، ئەو بۆ ئەو كەسانە دەگەڕێتەوە كە باشترینەكان دیاری دەكەن، چونكە ئەگەر لە هیچ یارییەك سەركەوتوو نەبووبووم، ئەوا پارساڵ ئاستێكی بەرزم پێشكەش كرد و هەشت یاری لەسەر یەكی خولی زەیتوون و كوردستان، گۆڵم لێ تۆمار نەكرا، لە كۆتاییشدا بە پێنجەم گۆڵچی دانرام، بۆیە ڕێزیشم بۆ هەموو گۆڵچییەكان و دەنگدەرەكانیش هەیە، بەڵام (واسیتە) هەر هەیە و مافی تەواوی خۆمان نادرێتێ".

لە بەشی دووەمی دیمانەكەدا، (سەردار) باسی یانەی ئارارات و
ڕاهێنەرەكەی دەكات، هەروەها لە بارەی چوونی بۆ
ڕیزی هەڵبژاردەكانی كوردستان و ئۆڵمپی عێراق، دێتە گۆ و
نهێنییەكی یاریی كۆتایی خولی عێراق ئاشكرا دەكات .

 

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌شی هه‌واڵ و چالاكییه‌كان >>>