لیڤ یاشین
 

کورتەیەک لە ژیانى گۆڵچى جیهانیى ( لیڤ یاشین )
ئامادەکردن و وەرگێڕانى : سوهەیب جەمیل

ناوى تەواوى ( لیڤ ئیڤانۆڤیچ یاشین ) ە، و لە بەروارى 22/10/1929 لە مۆسکۆى پایتەخت لە دایک بووە.
بەهۆى هەژارى و دەستکورتى خێزانەکەى و لەسەرەتاى سەرهەڵدانى جەنگى جیهانى دووەم لیڤ یاشین لەتەمەنى دوانزە ساڵان وەکو هەموو مناڵێک خرایە سەرکار و خێزانەکەیان چاویان لەرۆژانەى دەستى ئەوبووە و سەرچاوەیەک بووە بۆ پەیداکردنى رزق و رۆزى بۆ خانەوادەکەى.
لەگەڵ کارى رۆژانەیشى ناوبراو لەکۆڵان و سەرشەقامەکانى مۆسکۆى پایتەخت لەگەڵ منداڵانى تر یارى تۆپى پێى دەکردو وەک بەچکە شێرێک لەگۆڵ دەوەستاو پارێزگارى لە تیپەکەى دەکرد، هەربۆیە سەرنجى دەوروبەرى بۆخۆى راکێشا تاواى لێهات چووە رێزى یانەى ( دینامۆسکۆ ) ى سۆڤێتى و بە درێژایى تەمەنى و بۆ ماوەى 22 ساڵ بوو بەگۆڵچى ئەویانەیە و بۆ ساتێکیش لێى دانەبڕا...
لیڤ یاشین لەژیانیدا ئەو نازناوانەى پێبەخشراوە ( جاڵجاڵۆکەى رەش ، پڵنگى رەش ، هەشت پێ ى رەش ) تائێستاش لەگەڵدابێ نازناوى لەوشێوەیە بەهیچ گۆڵچیێکى تر نەبەخشراوە.
لیڤ یاشین بەرلەوەى بچێتە ریزى یانەى دینامۆسکۆى روسى زۆر سوودى لەراهێنەر شۆبین وەرگرت کەناوبراو سەرپەرشتیارى ئەو کارگەیە بوو کە یاشین وەک کارمەندەکانى تر کارى تێدادەکرد هەربەهۆى ئەویش چووە ریزى یانەکەوەو، توانى 326 یارى بۆیانەکە بەبێ دابڕان ئەنجام بدات.
هەربەهۆى هەوڵى ئەو گۆڵچییە یانەى ناوبراو توانى بۆماوەى شەش جار بەیەکەمى یانەکانى یەکێتى سۆڤیەت دەربچێت جگە لەوەى یاشین بۆچواردەمین جار لەسەریەکتر بەباشترین یاریزان و گۆڵچى خولى یانەکانى یەکێتى سۆڤیەت هەڵبژێردرا و خەڵاتى جۆراوجۆرى پێبەخشرا...
لەساڵى 1956 لەریزى هەڵبژاردەى یەکێتى سۆڤیەت وەرگیراو لەهەموو یارییەک هەر ئەو بە پلەى سەرەکیى لەگۆڵ دادەنرا، و لەماوەى ژیانیدا تەنها 78 یاریى بۆ هەڵبژاردەکەى ئەنجامدا و تەنها 70  گۆڵى لێکراوە کە هیچ گۆڵچیێک لە مێژووى تۆپى پێى جیهانیى نەیتوانیوە وەکو ئەو بەوشێوەیە و ئازایانە پارێزگارى لە گۆڵەکەى بکات.
لەساڵى 1956 هەڵبژاردەى یەکێتى سۆڤیەت بە هەوڵى لیڤ یاشین توانى میدالیاى ئۆلۆمپیاد وەدەست بهێنێت و لەساڵى 1960 یش بەهەمان شێوە.
هەروەها لەسێ پاڵەوانێتى جامى جیهانى بەشدارى کردووە ئەویش لە پاڵەوانێتییەکانى 1958 و 1962 و 1966.
لەساڵى 1963 لەلایەن گۆچارى فرانس فۆتبۆلى ئەوروپى خەڵاتى تۆپى زێڕى پێ بەخشرا، کەئەم خەڵاتە تەنها بەو بەخشراوە ...
وازهێنانى لە یاریکردن:
 لیڤ یاشین لەتەمەنێکى درەنگدا وازى لە یاریکردن هێنا ئەویش لەساڵى 1971 بوو کەتەمەنى 41 ساڵان بوو، هۆکارى درەنگ واز هێنانى لە یاریکردن هاندان و خۆشەویستیى جەماوەرەکەى بوو..

نەخۆش کەوتنى لیڤ یاشین :

ئەم یاریزانە بەهێز و پاڵەوانە لە ساڵى 1986 نەخۆشیێکى توند و بە ئازار بەرۆکى بەرنەدا و سنگ ئێشە وتەنگە نەفەسى تەنگى پێ هەڵچنى و نەخۆشییەکەى چوار ساڵى خایاند و نەیهێشت بەتەواوەتى سەیرى جامى جیهانى 1986 بکات.

کۆچکردنى یاشین :

وەک باسمان کرد نەخۆشییەکەى چوار ساڵى خایاند وبەرۆکى بەرنەدا و بۆ دواجار لە بەروارى 20/3/1990 گیانى لەدەستدا و جارێکى تر نەیتوانى مۆندیالى 1990 ببینێت، تائێستاش لەگەڵدا بێت جیهان و یەکێتى ئەوروپا ناوى ئەو گۆڵچییە دەهێنن و لەیاد ناکەن چونکە لەمێژووى تۆپى پێدا گۆڵچییەک نەبووە هاوتاى لیڤ یاشین بێت و  وەکو ئەو مەردانە و ئازایانە پارێزگارى لەگۆڵەکەى بکات.
بەرزى باڵاى لیڤ یاشین مەترێک و هەشتاو پێنج سەنتیمەتر بووە وجەستەیەکى مامناوەندیى و پتەوى هەبووە و بەردەوام جلى رەشى لەبەردابووە لەکاتى یاریکردن بۆیە ئەو نازناوانەى پێبەخشراوە ( جاڵجاڵۆکەى رەش و پڵنگى رەش و هەشت پێى رەش ).