دەسەڵات هۆكاری سەرەكیی دواكەوتنی وەرزشە لە كوردستاندا

سامان بریفكانی

باڵادەستی حزبایەتی لەنێو بواری وەرزش لە كوردستاندا هۆكارێكی گەورەی دواكەوتنی ئەو بوارە گرنگەیە ، كە بە هۆیەوە رەوتی وەرزش هەنگاوێك بۆ پێشەوە دەنێت و دوان بۆ دواوە دەگەڕێتەوە . كارنەكردنیش بۆ لابردنی سیستمی تێكەڵبوونی سیاسەت و وەرزش ئەنجامی خراپی لە دواوە دەبێت و پاشان چارەسەركردنی ستەم دەبێت . لوتكەی بەرپرسێتیی وەرزشی وڵاتەكەم لەسەر بنەمای حزبی دروست بووە و دوای ئەو لوتكەیەش لەو هەڕەمەدا هیچ پۆستێك نابیندرێ لەسەر ئەو بنەمایە دابەش نەكرابێ . ئەو وەرزشوانەی سەر بەو دوو حزبە نییە ، جێگەی لە وەرزش نابێتەوە و هیچ حسابێكیشی بۆ ناكرێ ئەگەر باشترین وەرزشوانیش بێت . بە پێچەوانەوە ، زۆر بەرپرسی گەورەشمان لە ژیانی خۆیاندا حەزیان بەو بوارە نەبووە و لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان كورسیی خەڵكی دیكەیان داگیر كردووە .
دوای تێكەڵبوونەوەی وەرزشی هەردوو پارچەكەی پێشوو ، وەرزش دۆستان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی وەرزشێكی باشتر و پاكتر و ئاواتیان ئەوە بوو ، وەرزش ببێتە هۆكارێكی ئیجابی لە نەمانی ململانێی حزبایەتی ، كەچی بە پێچەوانەوە ، ئەو حزبایەتییە زیاتر خزایە نێو ئەو بوارە و ئێستا كاری كردۆتە سەر ئەنجامی یارییە چارەنووس سازەكانی خولە وەرزشییەكان و بگرە بەمەش نەوەستاوە ، بەڵكو هاندەرانی وەرزشیش ململانێی نادروستیان لەنێواندا دروست بووە كە ئەمە حاڵەتێكی ترسناكە و لە ئایندەیەكی نزیكدا كاردانەوەیەكی خراڵی بەدواوە دەبێت . رۆژبەڕۆژ حزبایەتی لەنێو وەرزشدا رەگوڕیشەی بەشێوەیەكی بەربڵاو دەچەسپێنێت ، لابردنی مەحاڵ دەبێت ، بۆیە پێویستە لە ئێستاوە بەرپرسە گەورەكان هەوڵ بدەن رێگە چارەیەك بۆ ئەم تێزە نەشازە بدۆزنەوە و بەرنامەیەكی كار دابنێن و پرس بە خەڵكی شارەزا بكەن و خەڵكانێكی شیاو و ئەكادیمی بەشداری پێبكەن بۆ دانانی سیستەمێكی نوێ لەسەر بنەمای هەڵبژاردن و چەسپاندنی رۆحی برایەتی لەنێو وەرزشدا و بنبڕكردنی ململانێی حزبایەتیی نادروست لەنێو ئەو بوارە پیرۆزەدا و دوورخستنەوەی كەسانێكی دوور لە وەرزش كە لەسەر بنەمای حزبی پۆستی وەرزشییان پێدراوە ، ئەگەر لەسەر ئەو بناغەیە كار بكرێت ، دڵنیام لە بەرەوپێشچوونی بزاڤی وەرزش و دواتر ناساندنی دۆزی كورد لە رێگەی وەرزشی پاك وەرزشوانی بەتوانا بە دەرەوەی وڵات كە ئەمە ئامانجی هەموو وەرزش دۆستێكی كوردە .

گه‌رِانه‌وه‌ >>>